خاڵە هاوبەشەکانی مەکتەبقورعان و کۆماری ئیسلامی
موفتیزادە بۆ ماوەیەک ئەندامی حیزبی دیموکڕات بوو بەڵام پاش هاتنە دەر لە حیزب، ڕێگەی دیکەی بۆ گەشتن بە ئاواتەکانی گرتە بەر. هەوڵیدا حیزبێک دابمەزرێنێت بەڵام لەلایەن سەلاح موهتەدی (ئەندامی کۆمەڵە و ژنبرای خۆی) دەستبەسەر کرا. پاشان مەکتەبقورئانی دامەزراند بەڵام بەهەبوونی حیزب و ڕێبەرانی سیاسی و ئایینی ئەوکات کە پێگەی کۆمەڵایەتی بەهێزیان هەبوو، موفتیزادە نەیدەتوانی بەهاسانی و بەبێ پاڵپشت دەرکەوێت. لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنە سەردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە ڕێبەرایەتی خومەینی، موفتیزادە دەگمەن کوردێک بوو کە بە هەموو توانا هاوکاری خومەینی دەکرد. سەرەڕای داپڵۆسانی کورد بە دەستی دەسەڵاتی تاران، چاوپۆشی لەو تاوانانە دەکرد کرد کە دژ بە کوردانی ڕۆژهەڵات دەکرا و تەقەلای ئەوەی بوو خۆی لە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی نزیک بخاتەوە
دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ئایینی و تێکەڵکردنی دین و سیاسەت، ستراتیژی هاوبەشی کۆماری ئیسلامی و کاک ئەحمەد بووە و لەو چوارچێوە دەڵێت: "ئەو ئیسلامەی ئێمە پێشکەشمان دەکرد، ڕەسەن و بێدەستێوەردان بوو، لەگەڵ سەرکەوتنی ئینقلاب، کارەکانمان ڕاوەستاند و لە ناخی دڵەوە و ڕاستگۆیانە، خۆمان وەقفی ئینقلاب کرد و پاشان دیان بەوەدا دەنێت کە بۆ پێشگرتن لە گرفت، بڕێک ڕاگەیاندنەکانی ئیمام خومەینیمان سانسۆڕ دەکرد" (دربارە کردستان لاپەڕە ٧٩). لە درێژەدا ئەو گلەییە لە دەسەڵاتی تاران دووپاتی دەکاتەوە و دەڵێت: "لەگەڵ ئەوەی هەموو ڕێگا و ناوچە هەستیارەکانمان پاراستبوو، فیشەکیان پێ نائەداین." (دربارە کردستان لاپەڕە ٧٩). لە کۆبوونەوە بە بەرپرسانی حکومیی وتبوو: "ئێمە میراتگری ئەو کەسانەین کە بەدرێژایی مێژوو لەپێناو ئیسلام شەڕیان کردووە و گیانی خۆیان بەخشیوە و دەبێ یاسای بنەڕەتیی ئێران ١٠٠٪ ئیسلامیی بکریتەوە." (دربارە کردستان لاپەڕە٨٥)
کاک ئەحمەد لە بابەت دەسەڵاتی نوێی ئێران دەڵێت: "خوێنی سەدانهەزار و ملوێنان شەهیدی مێژووی ١٤ سەدەی ئیسلام لە شۆڕشی ئێران بەرهەم هات" (دربارەکردستان لاپەڕە ٦٨). ئەو دەڵێت: "سیستمی کۆماری ئیسلامی بە نرخی گیانی دەیان هەزار شەهید بەدەست هاتووە و ئەگەر درێژەی شۆڕشە ئیسلامییەکان ڕەچاو بگرین، دەبێ (کۆماری ئیسلامی) بە خونچەی ئامانجەکانی سەرجەم شەهیدانی مێژووی ئیسلام بناسین - بەداخەوە هەر شۆڕشێک، لەلایان دژبەرانی شۆڕشەکان و خۆپەرەستان تووشی بڕێک گرفتی ڕوون و شاراوە دەبێتەوە کە هەر بێستانێک مێش و مێرووی زیاندەر و ئافەتی گەورە و بچووکی هەیە" (دربارەکردستان لاپەڕە ٢٣٩). مەبەستی کاک ئەحمەد لە بێستان، کۆماری ئیسلامی و لە مێش و مێروو، حیزبەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیە. کۆماری ئیسلامی و موفتیزادە دەیانویست حکومەتێکی تەواو ئیسلامی پێک بێت بەڵام ئامانجی ڕەوت و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سیستمێکی کراوە بوو. بەمپێیە مەکتەبقورئان و کۆماری ئیسلامی کەوتبوونە یەک جەبهەی دژ بە ڕەوتی خەباتی ڕۆژهەڵات بەڵام موفتیزادە بۆ ئەوەی ڕوخساری مەکتەبقورئان ناشیرین نەبێت، ناڕاستەوخۆو لەڕێی دەوڵەتی ئێرانەوە گوشاری دەخستە سەر حیزب و سەرکردە سیاسییەکان
کاک ئەحمەد لەسەر پرسی نەتەوەی کورد وەک زۆر بابەت دووپاڵووێژی دەکرد بەڵام نەیدەتوانی دژایەتی خۆی بۆ ئەم باسە وەشارێت. پێی وایە پرسی نەتەوەکان ئاگرێکی وێرانکەرە و دەڵێت: "ئەگەر شۆڕشی ئێران بەئیسلامی بکرێت و جیاوازیەکان لەناو بەرێت، ئەم ئاگرە وێرانکەر و ئاژاوەسازکەری نەتەوە(گەرایی) لە ئێران و وڵاتە ئیسلامییەکانی دیکە دەکوژێتەوە" (دربارەکردستان لاپەڕە٧١). لە کتێبی موفتیزادە هاتووە: ئەوە «کوردە» کە ناهێڵێت وڵاتانی داگیرکەری وەک ئێران، خۆی لە کۆتی زلهێزە جیهانییەکان ڕزگار بکات و دەڵێت: زلهێزەکان لە پارچەکردنی کورد بەسەر وڵاتان، بە چەندین جۆر بەهرەیان لێ وەر دەگرن - هەرکات یەکێک لەو دەوڵەتانەی کە کورد تیای دەژی، بیهەوێت خۆی لە کۆتی نۆکەرایەتی زلهێزەکان ڕزگار بکات، یان لە یەکێک لەو وڵاتانە حکومەتێکی ئینقلابی سەر هەڵبهێنێت، زلهێزەکان لە ڕق و توڕەیی ڕەگداکوتاوی گەلی زوڵملێکراوی کورد لە دژیان کەڵک وەر دەگرن. (دربارەکردستان لاپەڕە ٧٢). مەبەستی موفتیزادە ئەوەیە کە ئێران خەریکە خۆی لەچنگ زلهێزەکان ڕزگار دەکات بەڵام ئەو زلهێزانە بەردەوام گەلی کورد وەک کەرستە لەدژی ئێران بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت خۆی ڕزگار بکات!
موفتیزادە لە کاسێت و پەرتووکەکانی، هێرش دەکاتە سەر حیزب، کەسایەتیە ئایینی-نەتەوەیی، سەرکردەی سیاسی و ڕەوتە کوردیەکان. لە کتێبەکەی موفتیزادە لەبابەت کۆمەڵە هاتووە: سەرەکییترین پێگەی ئەم بەدڕەوشتییانە، بنکەی «های» سەر بە کۆمەڵە لە شاری سنە بوو کە پاش ئەوەی لەلایان سوپای پاسداران هەڵگیرا، دەست بەسەر بڕێکی زۆر قورسی پێشگرتن لە دووگیانی گیرا. لە درێژەدا بۆ سەلماندنی ئەم بابەتە، دیانپیانانی ئەو کچانە دەهێنێتەوە کە لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ناچار بە دیانپیانانی زۆرەملێ کرابوون. (دربارەکردستان لاپەڕە ٤٩). هەروەها موفتیزادە کە ناڕاستەوخۆ بە شێخ عێزەددین دەڵێت ضدانقلاب، تەشەری لێ ئەدات، بڕێک لە گرفتەکانی ئەخاتە ئەستۆی و پێشنیار بە لایەنە سیاسییەکان دەکات هێرش نەکەنە سەر پێگەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران (دربارە کردستان لاپەڕە83-٨٤). کردنەئامانجی مەلا سوننیەکان، بۆ شکاندنی شێخعێزەدین بوو کە بە ڕکابەریی خۆی دەزانی و ئەوەش لەچوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتی تازەپێگەشتووی تاران بوو
شێخ عێززەدین پێشنوێژی مزگەتی گەورەی مەهەباد و ڕێبەرێکی نیشتمانیی-ئاینیی ڕۆژهەڵات وتبووی: "جیاوازی من وموفتیزادە لەوەدایە ئەو ئایینیەکی کوردە و من کوردێکی ئایینیم". شێخعێزەدین کە پێگەی بەهێزی جەماوەریی هەبوو، ئایینی خستە خزمەت پرسی نەتەوەی کورد بەڵام کاک ئەحمەد وەک ڕکابەر لێی دەڕوانی و بەو بۆنەوە هێرشی دەکردە سەر مەلا. تەنانەت شوێنکەوتوانی ئێستاکەی کەک ئاحمەد لە بابەت مامۆستایانی نیشتمانی، هاوشێوەی ڕێبەرەکەیان کاک ئەحمەد بیر دەکەنەوە. ئەو ڕوانگەیەی کاک ئەحمەد بۆ مەلاکان، گوازراوەتەوە بۆ شوێنکەوتوانی و مامۆستاکان بە نەیاری خۆیان دەزانن؛ جگە لەو مامۆستایانەی کە پەسەندی مەکتەب و ڕێبەرەکەیان دەکەن، نوێژ لەپشت ئەو مەلایانە ناخوێنن کە دیان بە مەکتەب و موفتیزادەیا نانێن و بە خۆفرۆش و بەکرێگیراو ناوزەدیان دەکەن و ئەم هەڵوێستە خواستی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشە
هەر لەم پێوەندییە: موفتیزادە پاش زەویلەرزەی تەبەس لە ناوەندی ئێران بەڕێی نامەیەکی دەستنووس لە ٢٨/٦/١٣٥٧ داوا لە کوردانی ڕۆژهەڵات دەکات هاوکاری بۆ لێقەوماوان کۆ وەکەن. لە نامەکەدا مەلا سوننیەکان بە دینفرۆش، نەخوێندەوار، مێزەربەسەر، بێئیمان، ڕسوا، بەدناو، بەکرێگیراو، ئاژەڵی مردارخۆر دەچوێنێت و لەکۆتایی نەمەکەدا بە ڕێزەوە ناوی ئاخوندەکانی قوم دەهێنێت و دەڵێت «مراجع بزرگوار دینی در قم» واتا مەرجەعەکانی گەورەی ئاینی لە شاری قوم. موفتیزادە لەنێوان وتار و پەرتووکەکانی، دەیانجار هێرش دەکاتە سەر مەلا سوننییەکان بۆ نموونە لە کتێبی دربارە کردستان لاپەڕەکانی ٧٣، ٨٢، ٨٣، و ٧٨ (سێ جار). هاوکات بەڕێزەوە ناوی مەلا شێعەکان دەهێنێت و دەڵێت: علمای مذهبی/آیتاللە (دربارەکردستان لاپەڕە ٦٢)، آقای صفدری (دربارەکردستان لاپەڕە٦٤)، آقایان و برادران اهل تشیع (دربارەکردستان لاپەڕەکانی ٦٨و٦٩).